چۆنیەتی گۆڕینی وشەنهێنی SSH

گۆڕینی وشەنهێنی SSH گرنگترین کارە کە بکرێت دوای جەیلبرێک کردنی ئامێرەکەت، بە گۆڕێنی وشەنهێنی SSH پارێزگاری لە ئامێرەکەت دەکەیت لەوەی لایەنی دووەم بەبێ رازیبوون داتا تایبەتییەکانت ببینێت.

سودی گۆڕینی وشەنهێنی SSH چییە؟

وایدابنێ کەوا تۆ ئێستا کار لەسەر وایفایەکی گشتیی دەکەیت و چەندان ئامێری تر لەسەر هەمان وایفا کار دەکەن، خاوەنی وایفاکە ئەو کەسەی Adminـی وایفاکەیە دەتوانێ بێتە ناو مۆبایلەکەی تۆ بە چەند هەنگاوێک ئەگەر تۆ مۆبایلەکەت جەیلبرێک کرابێت و پاسوۆردی SSHـت نەگۆڕیبێت، چونکە لە بنەرەتدا بە هەرەمەکی پاسوۆردێکی گشتیی هەیە هەموو ئامێرێک هەمان پاسوۆردە ئەویش بریتییە لە alpine. وەک چۆن دەزانین پاسوۆردی هەرەمەکی زۆربەی ئامێرەکانی وایفای user و password بریتییە لە admin. بۆ ئامێرێکی جەیلبرێک کراویش هەمان شتە بەڵام لە جیاتی وشەی admin وشەی alpine بەکار هاتووە.

ئەو کەسەی مۆبایلەکەت هاک دەکات کە لەحاڵەتێکدا تۆ وشەنهێنی SSHـت نەگۆڕیبێت، دەتوانی هەموو داتایەکی ناو ئـامێرەکەت ببینیت لە وێنەو ڤیدیۆ و داتای تایبەت، بە کورتیی دەستی دەگات بە Root، رووتی ئامێرەکەت.

Root مانای چییە؟

هەردوو دەستەواژەی Root و Jailbreak هەمان مانا دەدەن، ئەویش پێدانی دەسەڵاتە بە بەکارهێنەر تا هەموو فایلەکانی ناو ئامێرەکەی ببینێت و زۆر/کەمی بکات و دەستکارییان بکات. بە گشتیی رووتکردنی ئایفۆن و ئایپاد پێێ دەوترێت Jailbreak/ جەیلبرێک.

ئایا دەکرێ جەیلبرێک بکەم بەڵام پاسوۆردی SSH نەگۆڕم؟

بەڵێ دەکرێت، بەڵام مەترسیی هاککردنی ئامێرەکەت زۆردەبێت و هەرکەسێک شارەزایی هەبێت لەکارکردن لەسەر Root دەتوانێت ئامێرەکەت هاک بکات و وێنەو ڤیدیۆ و داتا تایبەتەکانت ببینێت.

بۆچی هاک دەکرێم ئەگەر وشەنهێنی SSH نەگۆڕم؟

وشەنهێنی SSH یان وشەنهێنی جەیلبرێک، پاسوۆردێکە بۆ جەیلبرێکی ئامێرەکەت دانراوە، کە تۆ سەرەتا ئامێرەکەت جەیلبرێک دەکەیت بە شێوەیەکی هەڕەمەکی پاسوۆردی alpine بۆ هەموو ئامێرێک دانراوە، پێویستە ئەم alpineـە بگۆڕیت تا هاک نەکرێیت با ئاسانی.

چۆنیەتی گۆڕینی وشەنهێنی SSH

سەرەتا بۆ گۆڕینی وشەنهێنی SSH پێویستمان بە بەرنامەیەکە بۆ کردنەوە تێرمیناڵی ئامێرەکەمان، بۆ ئەو مەبەستە ئەپی NewTerm 2 دابەزێنە لە سۆرسی KurdiOS.com.

بۆ زۆرکردنی سۆرسی KurdiOS سەرەتا سیدیا بکەرەوە، پاشان بەشی Sources لە سەرەوە Edit پاشان کرتەی نیشانەی + یاخود Add بکە و بنووسە repo.kurdios.com و چاوەڕێ بکە تا تەواودەبێت.

سۆرسی KurdiOS

پاشان لە سێرچ بنووسە NewTerm 2 و لە سۆرسەکەمان دایبەزێنە، تکایە دڵنیابە لە سۆرسی KurdiOS دایدەبەزێنیت لەبەر ئەوەی دواترین وەشان لە سۆرسەکەی ئێمە هەیە لەگەڵ هەموو ئامێرەکان کار دەکات.

دڵنیابەوە لەوەی وەشانی 2.4 دادەگریت کە پشتگیری iOS 13 دەکات.

ئێستا ئەپی NewTerm بکەوە با دەستبکەین بە گۆڕێنی وشەنهێنی SSH.

سەرەتا بۆ داخڵ بوون لە رووتی ئامیرەکەت پێویستە بنووسیت su root و دوگمەی return دابگریت لەسەر کیبۆرد، کەواتە دەنووسیت؛

su root

ئێستا داوای پاسوۆردی رووت دەکات، کە وەک پێشتر وتمان بە هەرەمەکی alpine ـە. ئیستا بنووسە؛

alpine

پاسوۆردەکە دەرناکەوێت بەڵام دڵنیابە لەوەی کە دەنووسیت alpine و return دابگرە لەسەر کیبۆرد.

پاشان بنووسە cd و لەسەر کیبۆرد return دابگرە، کەواتە cd پاشان return لەسەر کیبۆرد؛

دوای ئەوەی بە سەرکەوتویی داخڵی ناو رووت بوویت، ئێستا بنووسە passwd و return دابگرە لەسەر کیبۆرد، کەواتە دەنووسیت؛

passwd

دوای ئەوەی passwd ـت نووسی ئێستا داوا دەکات پاسوۆردێکی نوێ هەڵبژێریت، پاسوۆردەکە دووبارە دەرناکەوێت، بۆیە تکایە ئاگاداربە کە هەردوو جار هەمان دانە دەنووسیت، پاسوۆردێک دابنێ کە بیرت نەچێت و زۆر قورس نەبێت.

لە New password پاسوۆردێکی نوێ دەنووسیت و پاشان لەسەر کیبۆرد return دابگرە، پاشان داوا دەکات هەمان پاسوۆرد دووبارە بنووسیت.

دوای ئەوەی هەردووک جار پاسوۆردەکەت بە تەواوی نووسی، ئێستا بنووسە passwd mobile؛

passwd mobile

پاشان هەمان پاسۆرد بنووسە کە داتنابوو و دووبارە بینووسەوە وەک هەنگاوی پێشووتر.

لە Retype new password ـیش هەمان پاسۆرد بنووسە و لەسەر کیبۆرد return دابگرە.

پیرۆزە! بە سەرکەوتوویی وشەنهێنی SSH ـت گۆڕی!

پەیامێک جێ بهێڵە